پاڵپشت بەکۆبوونەوەی ژمارە (۲) ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی / بڕگەی دووەم، تایبەت بە وەرگرتنی کرێی خوێندنی پارالێڵ لە قوتابییان / خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەسەرجەمی قۆناغەکانی خوێندن، خوێندنی بەرایی (پارالێڵ + ئێواران) و خوێندنی باڵا ( دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) و لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە بڕیارماندا بە:
١- داشکاندنی بڕی (٢٠٪) لە کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێڵ + ئێواران) و خوێندنی باڵا ( دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) و لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان
٢- پاڵپشت بە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکەوتی (٢٧/٣/٢٠٢٤) جارێکی تر بڕیار درا بە داشکاندنی بڕی (٢٠٪) ی تر لەو بڕە پارەیەیی کە لەلای قوتابی / خوێندکاران ماوە، سەرباری ئەو ڕێژە داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە
٣- ئەم داشکاندنە تەنها ئەو بڕە پارەیە دەگرێتەوە لە کۆی ئەو پارەیەی کە لەلای قوتابییان / خوێندکاران ماوە بیدات بە زانکۆ
٤- سەرجەم ئەو قوتابی / خوێندکارانەی کە ئەم بڕیاری لێخۆش بوونە دەیانگرێتەوە دەبێت تا ڕێکەوتی (٥/٥/٢٠٢٤) گشت پارەکە بە یەک قیست بدەن بە زانکۆکانیان
٥- ئەم داشکاندنە تەنها بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن جێبەجێ دەکرێت
٦- ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت
تێبینی// سەرجەم ئەو قوتابی / خوێندکارانەی کە ئەم بڕیاری لێخۆش بوونە دەیانگرێتەوە دەبێت تا ڕێکەوتی (٥/٥/٢٠٢٤) گشت پارەکە بە یەک قیست بدەن بە زانکۆکانیان، لە دوای ئەو بەروارەوە قوتابییان / خوێندکاران تەنها لە (٤٥٪) داشکاندنەکە سوودمەند دەبێت ، واتە لە (٢٠٪) نایانگرێتەوە
ڕاگرایەتی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری
٦/٤/٢٠٢٤
لەچوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری، ئەمڕۆ یەک شەممە بەرواری (٥/٥/٢٠٢٤) بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان/بەشی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کەی (٩) چالاکیەک لەژێر ناونیشانی (هۆشیاری تاک لەسەر ماددەی هۆشبەر) بەڕێوەچوو.
سەرەتایی چالاکیەکەش بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد و پاشان ( د.سۆزان صابر حیدر) بەناوی ڕاگرایەتی کۆلێجەوە ووتەی خۆی پێشکەشکرد و سوپاسی هەوڵ و ماندوبوونی بەردوامی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاراستنی ئارامی هاوڵاتیان، هەروەک کاری بەردەوامیان بۆ بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر و هۆشیارکردنەوەی تاک بەرز نرخاند، دواتر لەلایەن نوێنەری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە سیمینارێک لەسەر جۆرو کاریگەریی و لێکەوتەکانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر پێشکەشکرا، هەروەها چالاکیەکی تایبەت بۆ دۆزینەوەی جۆرێک ماددەی هۆشبەر ئەنجامدرا و لە کۆتایشدا خەڵاتی ڕێزلێنان لەلایەن ڕاگری کۆلێجەوە بەخشرا بە بەڕێز (بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی بەڕێوەیەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان).
جێی ئاماژەبۆکردنە خوێندکارانی زانکۆ بە پێناسی سەرمەشقی کۆمەڵگە، گرنگە ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسی و زیانەکانی نزیکبوونەوە لە جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر
لێرەوە بەناوی ڕاگرایەتی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووریەوە دووبارە سوپاسی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەو خوێندکارە ئازیزانە دەکەین کە لە ئەنجامدانی چالاکیەکە ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو ، ماندوبونیان بەرزدەنرخێن
ڕاگرایەتی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری
٥/٥/٢٠٢٤
هۆشیاریی ژینگەیی لە زانکۆی سلێمانی کاری لەپێشینەی مامۆستایان و خوێندکاران بووە و بەردوام بە چالاکی جیاواز ژینگەدۆستی خۆیان دوپاتکردۆتەوە
لە هەڵمەتێکی نەمام ناشتندا، خوێندکارانی قۆنای (٣)ی بەشی ئابووری/ ئێوارانی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری، (٢١١) نەمامیان ناشت و سەلماندیان کە خوێندکارانی کۆلێجمان لە خوێندکارە دڵسۆزەکانی زانکۆی سلێمانین بۆ ژینگەی زانکۆ و شار و وڵاتمان.
جێی ئاماژەبۆکردنە هەڵمەتەکە بەسەرپەرشتی (م. گۆڤار بەگزادە) و هاوکاری هەریەک لە مامۆستایان (م. ادریس احمد ) و (م. ئامانج انوەر) و لەژێر چاودێری ڕاگری کۆلێج (د.سۆزان صابر حیدر) ئەنجامدرا.
لێرەوە دووبارە سوپاس و دەستخۆشی و ماندونەبوون لە خوێندکارانی ئازیز و مامۆستایانی بەشدار دەکەین و هیوادارین ئەمجۆرە چالاکیانە بە هاوکاری هەمووان بەردەوامبێت، چونکە ژینگەیەکی سەوزتر یەکسانە بە هەوایەکی پاکتر و تەندروستیەکی باشتر.
ڕاگرایەتی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری
٢٨/٤/٢٠٢٤